ئایا تەنها دەرخستنی خزمەتگوزارییەکی نوێ لەلایەن کۆمپانیایەکی فینتەک بەسە یان ئایا ئاستەنگیی ڕاستەقینە قایلکردنی خەڵکە بە بەکارهێنانی؟

هەموو چەند مانگێک جار یەکێک لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای دارایی (فینتەک) ڕایدەگەیەنێت کە خزمەتگوزارییەکی نوێی دەرخستووە یان ئەپلیکەیشنەکەی نوێ کردووەتەوە یان هاوبەشییەکی نوێی لەگەڵ دامەزراوەیەکی بانکی یان بازرگانی ئەنجام داوە زۆرجار ئەم جۆرە هەواڵانە وەک نیشانەی پێشکەوتنی ئەم بوارە لە عێراق وەردەگیرێن بەڵام دوای کۆتایی هاتنی ڕاگەیاندنەکە پرسیارێکی گرنگ دەمێنێتەوە: چەند کەس ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بەکار دەهێنن؟
ئەم پرسیارە ڕەنگە سادە بێت بەڵام لە ڕاستیدا یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بوارەکەی فینتەک لە عێراق
چونکە سەرکەوتنی هەر خزمەتگوزارییەکی دارایی دیجیتاڵ بە ژمارەی تایبەتمەندییەکانی ناو ئەپلیکەیشنەکە ناپێورێت و نە بە ژمارەی ئەو هەواڵانەی لەسەری بڵاودەکرێنەوە بەڵکو بە ژمارەی ئەو بەکارهێنەرانە پێوەردەکرێت کە دەیکەنە بەشێکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەیان جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان خزمەتگوزارییەک کە تەنها لە ناو ئەپلیکەیشنەکە هەبێت و خزمەتگوزارییەک کە خەڵک هەموو ڕۆژێک پشت پێی ببەستن
ئەگەر سەیری زۆرێک لە ئەپلیکەیشنە دارایییەکان بکەین دەبینین دەیان خزمەتگوزاری تێدایە بەڵام بەشێکی زۆری بەکارهێنەران تەنها سوود لە یەک یان دوو خزمەتگوزاری وەردەگرن ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی تر بەسوود نین بەڵکو لەبەر ئەوەی بەکارهێنەر هێشتا قایل نەبووە کە ئەوان کات و ماندووبوونی بۆ پاشەکەوت دەکەن یان بە سادەیی نازانێت ئەو خزمەتانە هەن
لێرەدا جیاوازی نێوان پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و گۆڕینی هەڵسوکەوت دەردەکەوێت
دەرخستنی خزمەتگوزارییەکی نوێ ڕەنگە چەند مانگ کارکردنی بەرنامەنووسی و تاقیکردنەوە بخوایێت بەڵام قایلکردنی بەکارهێنەر بە گۆڕینی عادتەکانی ڕەنگە ساڵانێک بخایەنێت ئەمەش تەنها کێشەی عێراق نییە بەڵکو زۆربەی ئەو وڵاتانەش ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندووە کە لە ئابووری پشتبەستوو بە کاشەوە گواستووەتەوە بۆ ئابووری دیجیتاڵ
لە عێراق هێشتا پەیوەندی خەڵک بە کاش بەهێزە زۆرێک لە خەڵک هەست بە ئارامی زیاتر دەکەن کاتێک پارەکەیان لە دەستی خۆیانە تەنانەت ئەگەر جزدانی ئەلیکترۆنی یان کارتی بانکیان هەبێت بۆیە هەر کۆمپانیایەکی فینتەک ئەمڕۆ تەنها لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی نوێ پێشبڕکێ ناکات بەڵکو لەسەر بەدەستهێنانی متمانەی بەکارهێنەریش پێشبڕکێ دەکات
ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بێت کە هەندێک کۆمپانیا ئێستا زیاتر گرنگی بە ئەزموونی بەکارهێنان خێرایی جێبەجێکردنی مامەڵەکان و پشتگیری تەکنیکی دەدەن لەبری ئەوەی تەنها ژمارەی خزمەتگوزارییەکان زیاد بکەن چونکە بەکارهێنەر ڕەنگە نەبوونی تایبەتمەندییەک ببەخشێت بەڵام ئەزموونێکی ئاڵۆز یان پارەدانێکی سەرنەکەوتوو نابەخشێت
لە لایەکی دیکەشەوە سەرکەوتنی خزمەتگوزارییەک تەنها بە بەکارهێنەرەوە پەیوەندیدار نییە ئەگەر شوێنی زۆر بۆ قبووڵکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی نەدۆزێتەوە یان لە زۆربەی مامەڵە ڕۆژانەکانی ناچار بێت بگەڕێتەوە بۆ کاش بە شێوەیەکی هێواش بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکە واز لێدەهێنێت هەرچەندە ئەپلیکەیشنەکە زۆر پێشکەوتووش بێت
لەبەر ئەمە قۆناغی داهاتووی پێشبڕکێ لەنێوان کۆمپانیاکانی فینتەک لە عێراق ڕەنگە نەبێت لەسەر ئەوەی کێ خزمەتگوزارییەکی زیاتر دەر دەخات بەڵکو لەسەر ئەوە بێت کە کێ دەتوانێت ئەو خزمەتگوزارییانە بکاتە بەشێکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەی بەکارهێنەر
ڕەنگە لە داهاتوودا ببینین کە سەرکەوتووترین کۆمپانیا ئەوە نییە کە ئاڵۆزترین ئەپلیکەیشنی هەیە بەڵکو ئەوەیە کە ئەزموونێکی سادەتر خێراتر و جێگیرتر پێشکەش دەکات و وا لە بەکارهێنەر دەکات ئەپلیکەیشنەکە بەبێ دوودڵی بکاتەوە
لە کۆتاییدا دەتوانرێت بگوترێت کە داهاتووی فینتەک لە عێراق تەنها بە تەکنەلۆژیا دیاری ناکرێت بەڵکو هەڵسوکەوتی بەکارهێنەریش ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت هەر خزمەتگوزارییەکی نوێ هەنگاوێکی گرنگە بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەو کاتەدا دەست پێدەکات کە ئەو خزمەتگوزارییە لە هەڵبژاردەیەکی زیادە بگۆڕدرێت بۆ عادتێکی ڕۆژانەی خەڵک
لەوانەیە هەر بۆیەش ئەو پرسیارەی هەر کۆمپانیایەکی فینتەک پێویستە پێش دەرخستنی هەر خزمەتگوزارییەکی نوێ لە خۆی بکات ئەوە نەبێت: «ئایا دەتوانین ئەم خزمەتگوزارییە پەرە پێ بدەین؟» بەڵکو: «ئایا خەڵک بە ڕاستی بەکاری دەهێنن؟»
