بانکی ناوەندی عێراق چاودێری سامان و دارایی بەرپرسانی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی توندتر دەکات

لە هەنگاوێکی نوێدا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، بانکی ناوەندی عێراق ڕێنمایی بە بانکە حکومی و تایبەتەکان داوە کە ڕێوشوێنەکانی چاودێری بەسەر بەرپرسانی باڵا و ئەندامانی خێزانەکانیان توندتر بکەن؛ ئەو کەسانەی کە لە ژێر پۆلی «کەسانی مەترسیداری سیاسی» (PEPs) پۆلێن دەکرێن.
بانکەکە لە بەیاننامەکەیدا کۆمەڵێک نیشاندەری دیاری کردووە کە دامەزراوە داراییەکان دەبێت لەبەرچاویان بگرن. گرنگترینیان ئەوەیە کە قەبارەی سامان یان سەرچاوەی پارەکانی کڕیار لەگەڵ داهاتی ناسراوی ئەودا هاوتا نەبێت، یان مامەڵەی دارایی بە نرخێکی زۆر بەرز یان مامەڵەی نائاسایی ئەنجام بدرێت کە لەگەڵ سروشتی پۆست و پلەکەی ناگونجێت. هەروەها ئەم چاودێرییە دەبێت ئەندامانی خێزان، کەسانی نزیک و ئەو لایەن و دامەزراوانەش بگرێتەوە کە پەیوەندییان بە بەرپرسەکەوە هەیە.
پسپۆڕان پێیان وایە گرنگی ئەم ڕێوشوێنانە لەوەدایە کە گواستنەوە داراییە نائاساییەکان و بەکارهێنانی کۆمپانیاکان و لایەنی سێیەم بۆ شاردنەوەی سوودمەندی ڕاستەقینە دەگرێتەوە.
بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەنگاوانە بە جدیبوونی جێبەجێکردن و توانای دەزگا چاودێرییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەدواداچوونی پارە لە دەرەوەی هەژمارە ڕاستەوخۆکانەوە بەستراوەتەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە بەشێکی گەورەی مامەڵە داراییەکان هێشتا بە پارەی نەقدی ئەنجام دەدرێن.
ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگا بە زیندانیکردنی ژمارەیەک بەرپرس بە تۆمەتی دەستکەوتی نایاسایی، لە چوارچێوەی کەمپەینێکی حکومیدا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە و سامانانەی کە بە نایاسایی بردراون.

