بانکی ناوەندی عێراق دڵنیایی بە سپاردەکەران دەدات لە سەلامەتی سیستەمی بانکی

بانکی ناوەندی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە دانانی لیژنەکانی چاودێری یان سەپاندنی چاودێری تایبەت بەسەر هەندێک لە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان، ڕێکارێکی چاودێری و پێشگیرییە و بە مانای مایەپووچبوونی بانک یان لەدەستدانی پارەی سپاردەکەران نییە.
بانکەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم ڕێکارانە ئامانجی دڵنیابوون لە سەلامەتی بانکەکان، جێگیری پرۆسەکانیان و پاراستنی مافەکانی کڕیاران هەیە، جەختیشی کردەوە کە دامەزراوە بانکییەکان پابەندی پێوەرە چاودێرییەکانن کە پشت بە باشترین پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو بانکە مۆڵەتپێدراوەکان لە کۆمپانیای گەرەنتی سپاردەکان بەشدارن، کە ڕۆڵێکی گرنگ لە قەرەبووکردنەوەی سپاردەکەران لە کاتی تووشبوونی هەر بانکێک بە کێشەی دارایی دەگێڕێت، بەپێی یاسا و ڕێنماییە جێبەجێکراوەکان.
هەروەها بانکەکە پشتڕاستی کردەوە کە پارەی سپاردەکەران پارێزراوە و بانکە عێراقییەکان ئاستێکی بەسی سیولەی داراییان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کار و مامەڵەکانیان، چ لە دۆخی ئاسایی و چ لە دۆخی فشاردا. ڕێژەی سامانە شلەکان بەرامبەر پابەندییە کورتخایەنەکانیش زیاتر لە 60% بووە.
بانکی ناوەندی عێراق جەختی لە بەردەوامبوونی چاودێری و بەدواداچوونی ئەدای بانکەکان کردەوە، بە تایبەتی ئەو ڕێکارانەی پەیوەندییان بە دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی سپاردەکەران بە پارەکانیان بەبێ دواکەوتن هەیە.

