بانکی ناوەندی عێراق چاپکردنی دراوێکی نوێی سفرلێسڕاو ڕەتدەکاتەوە

بانکی ناوەندی عێراق ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن هەندێک میدیا و پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرابوونەوە، سەبارەت بە چاپکردنی دراوێکی نوێی عێراقی کە سفرەکانی لێسڕابێتەوە و ئامادەکاری بۆ خستنە بازاڕ و مامەڵەپێکردنی بکرێت.
بانکەکە جەختی کردەوە کە هەواڵە بڵاوکراوەکان پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نابەستن، هەروەها ڕوونی کردەوە کە هەر پڕۆژەیەکی داهاتوو سەبارەت بە دووبارە ڕێکخستنەوەی فئەتەکانی دراو یان سڕینەوەی سفرەکان، دەبێت بە چەندین قۆناغی یاسایی، ڕێکخراوی و تەکنیکی تێپەڕێت.
بانکەکە ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی هەر گۆڕانکارییەکی ئەگەری لە سیستەمی دراودا پێویستی بە ڕاگەیاندنێکی فەرمی و دانانی ماوەیەکی گواستنەوەی گونجاو هەیە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان، بانکەکان و دامەزراوەکان بتوانن دراوەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پارێزراو بگۆڕنەوە، بە شێوەیەک کە ماف و پابەندییە داراییەکانی هەموو لایەنەکان بپارێزرێت.
بانکی ناوەندی داوای لە هاووڵاتیان و میدیاکان کرد کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە سیاسەتی دراوی و دەرکردنی دراو، تەنها پشت بە بەیاننامە و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی بانک ببەستن. هەروەها ئاگاداری دا کە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراو دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزی لە بازاڕەکان یان زیان بە بەرژەوەندییە داراییەکانی هاووڵاتیان بگەیەنێت.
ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدا دێت کە گفتوگۆکان سەبارەت بە قەبارەی کۆی پارەی لە بازاڕدا و ئەگەری پەرەپێدانی پێکهاتەی فئەتەکانی دراوی عێراقی زیاتر بوون.

